(ھەموو ساتێک بۆ بەرەنگاربوونەوە وبەگژداچوونەوەی ئەشکەنجە) بەیاننامەی DHRD لە یادی ڕۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە
(ھەموو ساتێک بۆ بەرەنگاربوونەوە وبەگژداچوونەوەی ئەشکەنجە)
پاش زیاتر لەھەشت ساڵ کارکردنمان، بۆ قوربانیانی ئەشکەنجە لەھەرێمی کوردستان ، لە ٢٦ حوزەیرانی ٢٠١٧ و لەڕۆژی جیھانی بۆ پاڵپشتی لەقوربانیانی ئەشکەنجەدان، ئێمە وەک سەنتەری پەرەپێدانی دیمواکراسی و مافی مرۆڤ DHRD وای دەبینین کە ئەشکەنجەدان جگە لەتێکشکاندنی کەرامەتی مرۆڤ ھیچ مەبەستێکی تری لەپشت نیە، ھەموو جۆرە مامەڵەیەکی خراپ و بەکارھێنانی ئەشکەنجە لەلایەن دامودەزگا جیاوازەکانی حکومەتەوە بۆ بەدەستھێنانی زانیاری دژی گومانلێکراوان بەیاسا ناوخۆی ونێودەوڵەتیەکان قەدەغەکراوە، ھەرچەندە دەوڵەتی عێراق بەھەرێمی کوردستانیشەوە لە ٧ حوزەیرانی ٢٠١١ ەوە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی دژی ئەشکەنجەدان و جۆرەکانی تری مامەڵەو سزادانی دڵڕەقانەء نامرۆڤانە کە بە (UNCAT) ناسراوە پەسەند کردووە ، بەڵام ھیچ کارێکی جدی بەدی ناکرێت لەلایەن دەسەڵاتەکانی دادوەری و حکومەتەوە بۆ جێبەجێکردنی ڕێوشوێنەکانی خۆ گونجاندن لەگەڵ ئەو پەیمانە نێودەوڵەتییانەدا ، لەھەرێمی کوردستان وەک گەلێک ناوچەی تری جیھان لەناوەندەکانی دەستبەسەرداگرتن و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ گومانلێکراوان و سزادراوان ھێشتا ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نامرۆڤانەو دڵڕەقانە پیادە دەکرێت، لەلایەکی تریشەوە دەسەڵاتی دادوەری وحکومەت لەوپەڕی خەمساردیدان بۆ دادگاییکردن و سزادانی تۆمەتبارانی ئەنجام دانی ئەشکەنجەو مامەڵەی نامرۆڤانە، بەجۆرێک دەربازبوون لەسزادانی تۆمەتباران بەپیادەکردنی ئەشکەنجەدان بووەتە دیاردەیەکی زەق و حاشا ھەڵنەگرە. ئێمە وەک سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ DHRD لەم ڕۆژەدا دووپاتی دەکەینەوە کە داکۆکی تەواو لەقوربانیانی ئەشکەنجە دەکەین بەھاوکاری ھاوبەشەکانمان و خزمەتگوزاری یاساییان پێشکەش دەکەین لەو بوارەدا، ھەروەھا فشار دەخەینە سەر دەسەڵاتە جۆراوجۆرەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرکردنی یاسایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان و بەسزادانی ئەنجامدەرانی ئەو کارە قێزەونە. لەکۆتاییدا ھەموو جیھان دژی بەکارھێنانی ئەشکەنجەیە با ھەرێمی کوردستان بچێتە پاڵ ئەو ھەڵمەتەو کۆتایی بەو مامەڵە نامرۆیی و ناشارستانییانە بھێنێت و بیکات بەبەشێک لەمێژوو چیتر کەس نەبێتە قوربانی و کارێکی نایاسایی و نامرۆڤانە.
سەنتەری پەرەپێدانی دیمواکراسی ومافی مرۆڤ DHRD
٢٦ حوزەیرانی ٢٠١٧

