ئەنجامدانی پانێڵکی ھاوبەش بە بۆنەی (٢٦ی حوزەیران – ڕۆژی جیھانی پاڵپشتی لە قوربانیانی ئەشکەنجە)
بەرواری (٢٩-٦-٢٠١٧) ڕێکخراوەکەمان (سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ DHRD )بە ھاوبەشی لەگەڵ ھەردوو ڕێکخراوی (ھارتلاند ئەلاینسی نێودەوڵەتی HAI ، ڕێکخراوی وچـــان بۆ قوربانیانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ)و بە بەشداری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان و پۆلیسی پارێزگای سلێمانی پانێڵێکی ھاوبەشی ئەنجامدا لە شاری سلێمانی لەھۆڵی ھۆتێل ڕامادا لە ژێر دروشمی (پاش ئەشکەنجە پاڵپشتی لە ژیان بکە)، کە ئامانج لەم پانێڵە بریتی بوو لە :
• ھاندانی کۆمەڵگە بۆ پاڵپشتی و پشتگیری کردن لەرزگاربوانی ئەشکەنجە.
• بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری و رێگەگرتن لە ئەشکەنجە.
• گرنگی ھاندانی رزگاربوانی ئەشکەنجە بۆ بە دادگایی گەیاندنی ئەنجامدەران وقەرەبووکردنەوەی رزگاربوو.
• گرنگی ھاندانی رزگاربوانی ئەشکەنجە بۆ داواکردنی راوێژ و چارەسەری دەرونی.
شایانی ئاماژە پێدانە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی و پارێزەران و ئەفسەرانی پۆلیس و ڕۆژنامەنووسان و نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وکەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئامادەی پانێڵەکە بوون ، سەرەتا لەلایەن ڕێکخەری پانێڵەکە بەڕێز پارێزەر (محمد معروف ) بەخێرھاتنی ئامادەبووان کرا و پاشان بەڕێز (صلاح صديق) وەک بەڕێوەبەری گشتی ھارتلاند ئەلاینسی نێودەوڵەتی لە عێراق وتەیەک پێشکەش کرا و دواتر بەڕێز (دکتۆر ئەحمەد) لە ڕێکخراوی وچان بۆ قوربانیانی ئەشکەنجە بابەتێکی پێشکەش کرد لەسەر (کاریگەریەکانی ئەشکەنجە لەسەر تەندروستی دەرونی و جەستەیی مرۆڤ) پاشان بەڕێز (پارێزەر کارزان فازیل) لە سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ DHRD ) بابەتێکی پێشکەشکرد لەسەر(ئەشکەنجە و پیادەکردنی زانیاری و خستنەڕووی ئامارەکان و گرتنە بەری ڕێکاری یاسایی بۆ ھاوکاریکردنی رزگاربووان و بەدادگایی گەیاندنی ئەنجامدەرانی)ھەروەھا دواتر بەڕێز (تاڤگە عمر) بەڕێوەبەری گشتی لە (دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان) بابەتێکی خستەڕوو لەسەر(سەرنج و تێبینیەکانی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لەسەر ئەشکەنجە لە ھەرێمی کوردستان) پاشان بەڕێز (سەرکەوت احمد)وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ھەڵوێست و تێبینیەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس لەسەر ئەشکەنجە خستەڕوو ، پاشان لە کۆتایی پانێڵەکەدا بواری گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان ڕەخسێنرا و بەشدارییەکی بەرچاو کرا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکە و ئاراستەکردنی پرسیارەکانی ئامادەبووان بۆ ڕێکخەرانی پانێڵەکە.
































