پێداچوونەوەیەك بۆ پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان

د. لەتیف شێخ مستەفا، یوسف محەمەد صادق، سەروەر عەلی جەعفەر


دەستور باڵاترین یاسای وڵاتە و‌ سەرچاوەی شەرعیەتی‌ هەموو دەسەڵاتەكانیشە.‌ سەرجەم دامودەزگاكانی دەسەڵات شەرعیەتی بوون و مانەوەو كاركردنیان لە دەستورەوە وەردەگرن، بۆیە ناكرێ هیچ دەسەڵاتێك بێ دەستور بچێ بەڕێوە.

لە دەوڵەتی دیموكراتیدا كە گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەكانە حاكمەكان یان فەرمانڕەوایان چی دی خاوەنی دەسەڵات نین بەڵكو نوێنەر یان وەكیلی‌ خاوەنی راستەقینەی دەسەڵاتن كە گەلە، پێویستە لەسەریان بەو شێوەیە مومارەسەی دەسەڵات بكەن كە گەل بۆیان دیاری دەكات.
دیارە گەل خۆی ناتوانێ بە شێوەیەكی راستەوخۆ مومارەسەی دەسەڵات بكات بۆیە هەڵدەستێ بە هەڵبژاردنی نوێنەر بۆ حوكمڕانی كردن لە بری ئەو بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، لەو ماوەیەشدا سنووری دەسەڵات و هەڵسوكەوتیان دیاری دەكات، ئەو بڕوانامەیەی كە چۆنیەتیی هاتنە سەر كاری دەسەڵاتەكان و چۆنێتیی مومارەسەكردنی‌ دەسەڵاتی هەریەكەیان دیاری دەكات بریتییە لە دەستور.
كەواتە دەستور بریتییە لەو بڕوانامەیەی كە گەل دەری دەكات‌ و لە رێگایەوە ئەو نوێنەر و دەسەڵاتانە دیاری دەكات كە لە جیاتیی ئەو بۆ ماوەیەكی دیاریكراو حوكمڕانیی دەكەن و‌ سنوری دەسەڵاتی هەریەكەشیان دیاری دەكات.
سەرەڕای ئەمانەش دەستوور بریتییە لەو یاسا باڵایەی سیستمی سیاسی دادەمەزرێنێت و كۆی كارلێك و پەیوەنییە سیاسییەكانی نێوان هێزەكانی كۆمەڵگە رێكدەخات و، ڕایەڵە گشتییەكانی پەیوەندییە ئابووری و كۆمەڵایەتی و كەلتوورییەكانی نێو سیستمی سیاسیش بەیان دەكات.
بەم پێیەش دەستوور گرێبەستێكی گشتگیری سەرجەم هاوڵاتییان و هێزەكانی نێو كۆمەڵگەیە كە دەبێتە دوا مەرجەع بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو ململانێ و كێشانەی كە لە نێو كۆی سیستمی سیاسیی وڵاتدا دێتەكایەوە.
یەكێك لە گرنگترین كەموكورتییەكانی ئەزموونی حوكمڕانی لە كوردستاندا هەر لە پاش راپەڕینەوە تا بە ئەمڕۆ بریتییە لە نەبوونی دەستوورێك كە بەشێوەیەكی روون و ئاشكرا پەیوەندیی نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات، حیزب و دەسەڵات و، پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتە جیاجیاكانی هەرێم رێكبخات. ئەمەش بوویە هۆی ئەوەی ئەم ئەزموونە نەبێتە ئەزموونێكی دامەزراوەیی و، دەنگی هاوڵاتی نەبێتە سەرچاوەی شەرعییەت پێدان و، حكومەت لە ناو حیزبدا بتوێتەوە و، سادەترین كێشەی نێوان پارتە سیاسییەكان بكێشێت بۆ شەڕ و ململانێی خوێناوی و، سنووری سەڵاحییەتەكانی هەر سێ دەسەڵاتەكانی هەرێم روون و ئاشكرا نەبێت.
بەداخەوە سەرەڕای ئیددیعا بەردەوامەكانی گەورە بەرپرسانی هەرێم بۆ گواستنەوەی ئەزموونی پڕۆسەی سیاسیی هەرێَم بۆ هەموو عێراق، بەڵام هێشتا نەمانتوانیوە پاش نزیكەی چوار ساڵ ئەزموونی دەستووری لە عێراقەوە بگوازینەوە بۆ هەرێم!!


بۆ داگرتنی کتێبەکە کلیک لێرە بکە: پێداچوونەوەیەك بۆ پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان