خولى ڕاهێنان بۆ بنیاتنانی تواناكانی ژنانی میدیاكار لە بواری بەرێوەبردن لە دەزگا میدیاییەکان لە شاری هەولێر

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پرۆژەی (بەھێزکردنی تواناکانی ژنانی رۆژنامەنوس: برەودان بە یەکسانی، ھاوبەشیپێکردنی ژنان لە جومگەکانی بەرێوەبردن لە پێناو رەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست لە میدیادا) رۆژانی ٩ تا ١٢ی ئەیلولی ٢٠٢٤ خولێکی ڕاھێنان ئەنجامدرا، خولەکە لە ژێر ناونیشانی (بنیاتنانی تواناکانی ژنانی میدیاکار لە بواری بەرێوەبردن لە دەزگا میدیاییەکان) لە ھۆڵی ھۆتێل بریستۆریا لە شاری ھەولێر بۆ ٢٧ میدیاکاری ژن بەرێوە چوو، بەشداربووان لە لایەن راھێنەران (عومەر عەبدولقادر)و(د. مەحمود باشکالی)و(د.عالیە فەرەج) (د.ئارام توفیق) لەسەر بابەتەکانی (کارگێڕی گشتی و بەڕێوەبردن، دامەزراوە کلتوریەکان و گۆرانی کلتوری، پەیوەندیە گشتیەکان و کاری میدیایی، پاراستن لە ئیستغلال و دەستدرێژی سێکسی -PSEA)، راھێنانیان پێکرا. ئامانج لە ڕاھێنانەکە بەرزکردنەوەی توانای بەڕێوەبردن و پەیوەندییە گشتییەکان لای ژنانی میدیاکار، خستنەرووی ئەو رێکارانەی کە لە ڕێگەیانەوە دەتوانن خۆیان لە وێستگەکانی کار و دەرەوەی وێستگەکاندا بپارێزن و ھەروەھا بەشداری بکەن لە داڕشتنی ڕێسای ڕەفتاری دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن و سیاسەتەکانی پەوەست بە پاراستن لە ئیستغلال و دەستدرێژی سێکسی.
شیاوی باسە بەشداربووانی راھێنانەکە نوێنەری دەزگا میدیاییەکانی وەک تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و ھەواڵنامەی ئەلیکترۆنی و ماڵپەڕ و سۆشیال میدیا بوون، لە کۆتایی خولی راھێنان بروانامەیان پێبەخشرا.
پرۆژەی (بەھێزکردنی تواناکانی ژنانی رۆژنامەنوس: برەودان بە یەکسانی، ھاوبەشیپێکردنی ژنان لە جومگەکانی بەرێوەبردن لە پێناو رەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست لە میدیادا) بە ھاوبەشی ھەردوو رێکخراوی (DHRD) و (جاسەنە) و پاڵپشتی دارایی رێکخراوی (UPP)بەرێوەدەچێت.