سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، رۆژی جیھانی تەندروستی دەروونی پیرۆز ئەکات

رۆژی جیھانی تەندروستی دەروونی رۆژێکی جیھانییە و ھەموو ساڵێک لە ١٠ ی تشرینی یەکەم یاد دەکرێتەوە، سەرەتا بۆ یەکەم جار ئەم ڕۆژە لە ساڵی ١٩٩٢ یاد کرایەوە. گرنگی ئەم ڕۆژە لەوەدایە کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر گرنگیدان بە تەندروستی دەروونی و بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری دەربارەی دەروونی مرۆڤ و ڕاستکردنەوەی ئەو ھەڵە تێگەیشتنانەی کە ھەن سەبارەت بە نەخۆشیە دەرونیەکان و ئەو کەسانەی کە دووچاری گرفتی دەروونی دەبنەوە.
تەندروستی دەروونی بریتییە لە ھەبونی دەرونێکی تەندروست کە تێیدا بیرکردنەوە و ھەستەکان و ڕەفتارەکان تەندروست بن و بە دور بن لە نەخۆشی، و تەنیا پەیوەست نییە بە تەمەنێکەوە بەڵکو ھەبونی دەرونێکی تەندروست پێویستە لە ھەموو قۆناغەکانی ژیاندا ،و وەک چۆن گرنگی بە تەندروستی جەستەیی دەدرێت گرنگە بەو شێوەیەش گرنگی بە تەندروستی دەروونی بدرێت لە پێناو بەدیھێنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست.
ھەبونی پەتای کۆڤید-١٩ کاریگەریەکی نەرێنی زۆری ھەیە لەسەر ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە چونکە دوچاری پەتاکە و کۆمەڵێک گرفتی دەرونی دەبنەوە ، بۆیە زۆر پێویستە سەرەڕای خۆپارێزی و پەەیڕەوکردنی ڕێنمایە تەندروستیەکان ئاگاداری تەندروستی دەرونیان ببن و گرنگی پێبدەن و بەشیوەیەکی تەندروست خۆیان بگونجێنن لەگەڵ باورودۆخەکەدا لە ڕێگای بەکارھێنانی تەکنیکی بەسود وجیاواز بۆ ئارامکردنەوەی دەرونیان و سەرقاڵ بونیان بە چالاکی سود بەخش و بەچێژ لە پێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێیەکانی پەتای کۆڤید -١٩، ھەروەھا یارمەتی ئەندامانی خێزان و کەسانی دەوروبەر بدەن و پاڵپشتیان بکەن بۆ کەمکردنەوەی ترس و فشار و نا ئارامیی دەروونی کە دوچاریان دەبێتەوە.
رێکخراوەکەمان (سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤDHRD ) لەچوارچێوەی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و لەپرۆژە جۆربەجۆرەکانیدا و لە پاڵ پێشکشەکردنی خزمەتگوزاری یاسایی و بەرێوەبردنی کەیس، بەبەردەوامی خزمەتگوزاری دەروونی بەشێوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پێشکەش دەکات بە رزگاربوانی توندوتیژی جێندەری و قوربانیانی ئەشکەنجە و سەرجەم ئەو کەیسانەی کە پێوەری چالاکی و پرۆژەکانی رێکخراو ئەیانگرێتەوە، بۆیە لەم یادەدا ھیوای دەروونێکی تەندروست ئەخوازین بۆ ھەر تاکێکی کۆمەڵگەکەمان و ھیوادارین بەدوور بن لە پەتای کۆڤید -١٩.