چوارچێوه‌ی یاسایی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی تاوان‌و دادگاكان له رۆژنامه‌گه‌رییدا
د.سامان فه‌وزی
هه‌واڵی تاوان‌و دادگاكان هه‌میشه یه‌كێكه له‌و هه‌واڵانه‌ی كه رۆژنامه‌كان هه‌وڵی بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌ده‌ن؛ له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵكی حه‌ز به خوێندنه‌وه‌ی ده‌كه‌ن. بۆیه ته‌نانه‌ت رۆژنامه گه‌وره‌و به‌ناوبانگه‌كانی جیهانیش په‌یامنێرێكی سه‌ربه‌خۆ ته‌رخانده‌كه‌ن بۆ ئه‌مجۆره هه‌واڵانه‌و پێیانڕاده‌گه‌یه‌نن كه ده‌بێ به‌رده‌وام له‌نێو دادگاكان‌و نزیك بنكه‌ی پۆلیس كاربكه‌ن بۆئه‌وه‌ی هه‌واڵی گه‌رماو گه‌رمی تاوان‌و دادگاكان بگه‌یه‌نن به رۆژنامه‌كه‌یان، بگره بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م مه‌به‌سته‌یان؛ نێوانیان له‌گه‌ڵ كارمه‌ندانی دادگا‌و هه‌ندێك له ئه‌فسه‌ر‌و پۆلیسه‌كان خۆش‌و ته‌باده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی به‌هه‌رنرخێك بێت هه‌واڵی سه‌رنجڕاكێشی دادگا‌و تاوانیان ده‌ستبكه‌وێت‌و بڵاویبكه‌نه‌وه.
له‌سه‌رێكی دیكه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌واڵه‌كانی دادگا‌و تاوان هۆكارێك بێ بۆ زۆرفرۆشی رۆژنامه‌كان‌و میوان‌و دۆستێكی خۆشه‌ویستی راگه‌یاندنه‌كان بێت؛ ئه‌وه له‌ڕووی ده‌رونناسییه‌وه پسپۆڕان به ترس‌و دوودڵییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن‌و لایانوایه ئه‌گه‌ر سنوورێكی ورد بۆ شێوازی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵانه دانه‌نرێت ئه‌وا ره‌نگه كاریگه‌رییه‌كی خراپی هه‌بێت به‌سه‌ر ده‌روونی خه‌ڵكی، به‌تایبه‌تی چینی منداڵ‌و هه‌رزه‌كاران به‌وه‌ی لاسایی تاوانباران بكه‌نه‌وه، یان به‌ره‌و توند‌وتیژییان به‌رن.
هه‌رچی پیاوانی كۆمه‌ڵناسیشه ئه‌وه له‌ڕوویه‌كی دیكه‌وه ده‌ڕواننه بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی دادگا‌و تاوان‌و وای بۆده‌چن كه ئه‌و بڵاوبوونه‌وه‌یه زیان به كه‌سی نێو هه‌واڵه‌كه ده‌گه‌یه‌نێت له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه جا چ تاوانباره یان تاوانلێكراو بێت‌و وایانلێده‌كات زۆرجار به چاوێكی كه‌م له‌لایه‌ن خه‌ڵكییه‌وه سه‌یریانبكرێت، ئه‌مه‌ش بۆخۆی كاریگه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی خراپ به‌جێده‌هێڵێت. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه یاساناسان‌و پیاوانی یاساش ئه‌وه به گومانێكی زۆره‌وه سه‌یری بابه‌تی بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵی تاوان‌و دادگاكان ده‌كه‌ن له رۆژنامه‌گه‌رییدا، چونكه ئه‌گه‌رچی هه‌ندێكجار بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه سوودی بۆ سه‌ر ره‌وتی لێكۆڵینه‌وه‌ی پۆلیس هه‌یه‌و ده‌بێته هۆی گه‌یاندنی راستییه‌كان به خه‌ڵكی، به‌ڵام هه‌ندێكجاری دیكه‌ش ئه‌و جۆره هه‌واڵانه كاریگه‌ری خراپیان بۆ سه‌ر دادگا‌و دادگاییكردنه‌كه هه‌یه‌و زیانیش به‌ڕه‌وتی لێكۆڵینه‌وه‌كه ده‌گه‌یه‌نێت.
به‌شێوازێكی گشتیی ده‌كرێت پاساوه‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵ ئازادیی بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی دادگا‌و تاوانه‌كانن له‌گه‌ڵ پاساوه‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌ی دژی بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره هه‌واڵانه‌ن ته‌نها له ته‌سكترین بواردا نه‌بێت له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه كورتبكه‌ینه‌وه:
یه‌كه‌م؛ پاساوه‌كانی ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئازادی بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵی دادگا‌و تاوانه‌كانن
1. رۆژنامه ئاوێنه‌ی كۆمه‌ڵه‌و ده‌بێت هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌كۆمه‌ڵگادا رووده‌ده‌ن‌و به‌های هه‌واڵیان هه‌یه بڵاوبكرێته‌وه، به‌مه‌ش به‌دیهێنانی په‌یامی یه‌كه‌می رۆژنامه‌گه‌ری كه ئه‌ویش بڵاوكردنه‌وه‌ی راستییه‌كان‌و نه‌شاردنه‌وه‌ی هه‌ندێكیانه له خه‌ڵكی. به‌مه‌ش خه‌ڵكی ده‌رك به ده‌وروبه‌ر‌و كۆمه‌ڵگامه‌ی خۆی ده‌كات‌و ده‌زانێت كه له‌ده‌ور‌وبه‌رییدا چی رووده‌دات.
2. بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كانی دادگا‌و تاوان له رۆژنامه‌دا زانیارییه‌كی زۆر به خه‌ڵكی ده‌به‌خشێت له‌سه‌ر جۆر‌و شێوازه‌كانی تاوان‌و كه‌سێتی تاوانباران‌و زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌كان له‌مه‌ڕ دادگاییكردن‌و جۆری دادگاكان. هه‌موو ئه‌وانه‌ش بێگومان سوودی بۆ خه‌ڵك هه‌یه بۆ وه‌رگرتنی ئاماده‌باشیی به‌رامبه‌ر تاوان‌و دیارده سلبییه‌كان له‌كاتی روودانیاندا.
3. زۆر كه‌س هه‌ن له ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی ناویان له رۆژنامه‌و ئامرازه‌كانی دیكه‌ی راگه‌یاندن دوورده‌كه‌ونه‌وه له‌ئه‌نجامدانی تاوان‌و كاره دزێوه‌كان، یان به جۆرێكی دیكه بڵێین بڵاوبوونه‌وه‌ی ناوی تاوانباران له راگه‌یاندندا وه‌ك سزایه‌كی ته‌واوكاریی لێدێت بۆ ئه‌و كه‌سه به‌وه‌ی ده‌بێته‌هۆی ناو‌و ناوبانگزڕاندنی له‌نێو كۆمه‌ڵدا به‌مه‌ش ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت تاوانێك ئه‌نجامبدات ره‌نگبێ له‌جیاتی جارێك دووجار بیر له نه‌كردنی بكاته‌وه له‌به‌ر ئه‌و ده‌رئه‌نجامه.
4. هه‌ندێكجار رۆژنامه‌نووسان له‌ڕێگای ئه‌و هه‌واڵ‌و بۆچوون‌و ریپۆرتاژانه‌ی بڵاویده‌كه‌نه‌وه یارمه‌تی پیاوانی پۆلیس ده‌ده‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران‌و چۆنیه‌تی روودانی تاوانه‌كه هه‌تا ئه‌گه‌ر به شێوازێكی ناڕاسته‌وخۆش بێت، چونكه هه‌ندێك زانیاریی‌و هه‌واڵی تایبه‌ت به تاوان‌و رووداوه‌كان هه‌یه رۆژنامه‌نوسان باشتر له پیاوانی پۆلیس ده‌ستیانده‌كه‌وێت، چونكه ره‌نگبێ كه‌سانێكی په‌یوه‌ندیدار به تاوانه‌كه هه‌بێت ئاماده‌بێت قسه بۆ رۆژنامه‌نووسان بكات‌و زانیارییانپێبدات، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بێت ئه‌و زانیاریی‌و هه‌واڵانه بدات به پۆلیس، كاتێك كه بزانین پۆلیس هه‌موو شتێك به چاوی گومانه‌وه سه‌یرده‌كات‌و پرسیار له‌سه‌ر هه‌موو زانیارییه‌كان دروستده‌كات.
5. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌و راگه‌یاندنه‌كانیش خۆیان له بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی تاوان‌و دادگاكان به‌دووربگرن ئه‌وه ئه‌و جۆره هه‌واڵانه به‌هه‌ر شێوازێك بێ له‌نێو خه‌ڵكیدا كه‌م یان زۆر بڵاوده‌بنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وكات هه‌واڵه‌كه ده‌شێوێنرێت‌و له راستییه‌كان دوورده‌كه‌وێته‌وه‌و هه‌ركه‌سێك به‌گوێره‌ی حه‌ز‌و ئاره‌زووی خۆی قسه‌ی بۆ زیادده‌كات، یان زانیاریی لێلاده‌بات. بۆیه چاكتر‌وایه رێگه‌بدرێت به راگه‌یاندنه‌كان كه هه‌واڵه‌كه وه‌كو خۆی بڵاوبكه‌نه‌وه‌و له شێواندن رزكاریبكه‌ن.
6. ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له ده‌وڵه‌تدا وه‌ك هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی دیكه ده‌شێت بكه‌وێته هه‌ڵه‌و كه‌موكوڕییه‌وه‌و بگره گه‌نده‌ڵیشه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی رۆژنامه‌گه‌رییش ده‌سه‌ڵاتی چواره‌مه ده‌بێت هه‌ستێت به‌چاودێرییكردنی‌و گه‌یاندنی راستییه‌كان به خه‌ڵكی له‌ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی دادگاكانه‌وه. بگره كاتێك دادوه‌ر هه‌ست به‌وه ده‌كات نه‌ك ته‌نها له‌لایه‌ن كارگێڕییه‌كانی سه‌رووخۆی بگره هه‌موو خه‌ڵك چاودێری راست‌و دروستیی بڕیاره‌كانی ده‌كه‌ن؛ بۆیه زیاتر هه‌وڵده‌دات له هه‌ڵه‌و كه‌موكوڕیی‌و گه‌نده‌ڵیی دووربكه‌وێته‌وه‌و باشتر‌و باشتر به‌نده یاساییه‌كان جێبه‌جێبكات.
دووه‌م؛ پاساوه‌كانی ئه‌وانه‌ی دژی ئازادی بڵاوبووه‌نه‌وه‌ی هه‌واڵی دادگا‌و تاوانه‌كانن
1. رۆژنامه‌كان زۆرجار له‌كاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كانی تاوان‌و دادگاكان وێنه‌یه‌كی هه‌ڵه له‌سه‌ر تاوان‌و تاوانباره‌كه ده‌گه‌یه‌ننه خه‌ڵكی به‌وه‌ی هه‌وڵی پاساوهێنانه‌وه بۆ تاوانی تاوانباره‌كه ده‌ده‌ن‌و بگره هه‌ندێكجار وه‌ك پاڵه‌وانێك وێنایده‌كه‌ن، به‌مه‌ش هانی ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه ده‌دات به‌شێوازێكی ناڕاسته‌وخۆ بۆ نموونه له‌كاتی باسكردنی تاوانی له‌شفرۆشیی‌و له‌شفرۆشان: هه‌ندێك له رۆژنامه‌كان هۆكاره‌كه‌ی ده‌خه‌نه‌سه‌ر شانی حكومه‌ت‌و له‌شفرۆشه‌كان وه‌ك كه‌سێكی راست‌و زوڵملێكراو ده‌رده‌خه‌ن‌و له‌ده‌می له‌شفرۆشه‌كانیشه‌وه پاساوی جۆراوجۆر بۆ كاره‌كه‌یان ده‌هێننه‌وه. (*هارولد لاسكی، ئاماژه‌ی پێدراوه له‌لایه‌ن الدكتور جمال العگیفی، ێ‌را‌و فی المشرعیە و فی المریه ، الهیئه المصریه العامه للكتاب، مصر 1980 ،ص585)..
2. به بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كانی تاوان‌و دادگاكان له‌لایه‌ن راگه‌یاندنه‌كانه‌وه بیر‌و بۆچوون‌و ئه‌خلاق‌و بنه‌ما باڵاكانی كۆمه‌ڵگا دووچاری لاوازیی‌و كاڵبوونه‌وه ده‌بن‌و خه‌ڵكی ورده‌ورده والێده‌كات له دابونه‌رێت‌و بیر‌وباوه‌ڕه باڵاكانیان دووربكه‌ونه‌وه، بۆنمو‌ونه كاتێك رۆژنامه‌كان به‌رده‌وام باسی تاوانی له‌شفرۆشیی‌و له‌شفرۆشان بكه‌ن به تێپه‌ڕبونی كات ئه‌مجۆره ره‌فتاره به‌لای زۆرێك له خه‌ڵكییه‌وه ئاسایی ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه واده‌زانرێت ره‌فتاره‌كه جۆرێك له گشتگیریی وه‌رگرتووه‌و كارێكی ناباو نه‌ماوه كه ته‌نها چه‌ند كه‌سانێكی كه‌می ده‌روونشێواو ئه‌نجامیبده‌ن.
3. زۆرجار تاوانباران‌و ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت تاوان بكه‌ن؛ سوود له رۆژنامه‌كان وه‌رده‌گرن كاتێك هه‌واڵه‌كانی تاوان‌و دادگاكانی تیادا بڵاوده‌بێته‌وه، چونكه له شێوازه‌كانی تاوانكردن‌و ده‌ستگیركردنی تاوانباران وانه‌یه‌ك فێرده‌بن بۆ تاوانكردن‌و خۆ‌ونكردن له یاسا‌و پیاوانی پۆلیس.
4. ئه‌گه‌رچی هه‌موو تۆمه‌تبارێك بێگوناهه تاوه‌كو تۆمه‌ته‌كه‌ی به‌سه‌ردا ساغده‌بێته‌وه له دادگایه‌كی ئاشكرای یاساییدا، به‌ڵام رۆژنامه‌كان به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كانی دادگا‌و تاوانباران كاریگه‌ری ئه‌و بنه‌ما ده‌ستورییه‌ی سه‌ره‌وه به‌تاڵده‌كه‌نه‌وه، چونكه كاتێك به مانشێتێكی گه‌وره تاوانێك درایه‌پاڵ كه‌سێك، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دواتر له دادگایه‌كی ئاشكرادا ئه‌و كه‌سه بێگوناهیش ده‌چوو، به‌ڵام تازه به‌لای خه‌ڵكییه‌وه یان زۆرێك له خه‌ڵكییه‌وه تاوانباره یان به‌چاوێكی پڕ له گومانه‌وه سه‌یرده‌كرێت، بۆ نموونه كاتێك باسی ئافره‌تێكی به‌ناوبانگ ده‌كرێت كه له‌سه‌ر تاوانێكی له‌شفرۆشییه‌وه ده‌ستگیركراوه یان كارمه‌ندێكی حكومیی كه له‌سه‌ر به‌رتێل تۆمه‌تباركراوه، هه‌تا ئه‌گه‌ر دواتر دادگا ئه‌و كه‌سانه بێگوناهبكات‌و تۆمه‌ته‌كان به هه‌ڵبه‌ستراو له‌قه‌ڵه‌مبدات، به‌ڵام تازه لای خه‌ڵكییه‌وه ئه‌و تۆمه‌تانه چه‌سپیوه‌و خه‌ڵكانێك هه‌ن ئاماده‌نین باوه‌ڕ به بێگوناهییان بكه‌ن هه‌تا ئه‌گه‌ر هه‌واڵی بێگوناهییه‌كه‌شیان هه‌ر له رۆژنامه‌كاندا بڵاوبكرێته‌وه.
5. بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كانی تاوان‌و دادگاكان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌كبێت كاریگه‌ریی خراپی هه‌یه به‌سه‌ر عه‌داله‌تی كێشه‌كه، چوون به‌جۆرێكله‌جۆره‌كان كار له دادوه‌ر‌و شایه‌ت‌و لێكۆڵه‌ره‌كان ده‌كات‌و به‌و ئاڕاسته‌یاندا ده‌بات له رای گشتی كه له‌رێگای راگه‌یاندنه‌كانه‌وه ده‌خرێته‌ڕوو. بۆ نموونه كاتێك راگه‌یاندنه‌كان باس له كوشتنی منداڵێك به ده‌ستی خزمێكیه‌وه ده‌كه‌ن‌و رایه‌كی گشتی دروستده‌كه‌ن له سزادانی بكوژه‌كه به‌توندترین شێوه سزا. بێگومان ئه‌و رای گشتییه كاریگه‌ریی بۆسه‌ر شاهید‌و لێكۆڵه‌ره‌كان‌و بگره هه‌ندێكجار له‌سه‌ر دادوه‌ره‌كانیش ده‌بێ به‌وه‌ی دوور له به‌نده یاساییه‌كان‌و پێشینه دادوه‌رییه‌كان پێویسته سزایه‌كی توندی بكه‌ره‌كه بدرێت.
6. ئه‌مرۆكه مه‌به‌ستی سزادان له یاسا تاوانكارییه‌كاندا زیاتر بۆ چاككردن‌و ئاماده‌كردنه‌وه‌ی تاوانباره‌كه‌یه تا تێكه‌ڵ به كۆمه‌ڵگا ببێته‌وه وه‌ك كه‌سێكی ئاسایی، له‌هه‌مانكاتدا بۆ ترساندنی تاوانبار‌و كه‌سانی دیكه‌شه كه نزیكی تاوان نه‌بنه‌وه، به‌ڵام به‌هیچجۆرێك ئه‌مڕۆكه مه‌به‌ست له سزا بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه نییه له تاوانبار‌و ته‌نیا له‌بارێكی زۆر به‌ر ته‌سكدا نه‌بێت وه‌ك سزای له سێداره‌دان، به‌ڵام بڵاوبوونه‌وه‌ی نا‌و و وێنه‌ی تاوانبار ته‌نانه‌ت دوای سه‌پاندنی حوكمی یاسایی به‌سه‌ریاندا وه‌ك سزایه‌كی دیكه وایه جیا له سزا یاساییه‌كه، به‌ڵام سزایه‌ك كه مه‌به‌ستلێی راستكردنه‌وه‌ی تاوانبار نییه ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ست لێی شكاندنی ناو‌و ناوبانگیه‌تی، ئه‌وكاتیش ئه‌گه‌ری تێكه‌ڵنه‌بوونی ئه‌و تاوانباره به كۆَمه‌ڵگا دوای ته‌واوبوونی واده‌ی سزاكه‌ی له ئاستێكی زۆردایه‌و ئه‌مه‌ش هۆكارێكه بۆ دووباره تاوانكردنه‌وه‌ی.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و دوو رایه‌ی كه له پێشوودا باسمانكردن، به‌وه‌ی یه‌كێكیان له‌گه‌ڵ ئازادیی بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵی دادگا‌و تاواندایه‌و ئه‌ویتریان دژ به بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره هه‌واڵه‌یه‌و هه‌ریه‌كیشیان پشت به كۆمه‌ڵێك هۆكار‌و پاساو ده‌به‌ستێت بۆ جێگیركردنی رایه‌كه‌ی له بواری رۆژنامه‌وانییدا، به‌ڵام له پراكتیكدا ئه‌مڕۆكه رای سێیه‌م زیاتر به‌ركاره كه داواده‌كات رێگا له رۆژنامه‌و راگه‌یاندنه‌كان نه‌گیرێت له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كانی دادگا‌و تاوان، چونكه ئه‌و هه‌واڵانه مافی خه‌ڵكن كه بیانزانن‌و مافی رۆژنامه‌نووسانیشه كه بڵاویبكه‌نه‌وه، به مه‌رجێك ئه‌و مافه خراپبه‌كارنه‌هێنن به‌جۆرێك ببێته هۆی زیانگه‌یاندن به كۆمه‌ڵگا‌و كه‌سه‌كان، ئه‌مه‌ش به‌وه دێته‌دی كه كۆمه‌ڵێك بنه‌مای یاسایی‌و ئیتیكی ده‌ستنیشانبكرێت كه پێویسته رۆژنامه‌نوسان له كاتی مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ ئه‌مجۆره هه‌واڵانه بیگرنه‌به‌ر، وا له خواره‌وه‌ش هه‌ندێك له‌و بنه‌ما یاسایی‌و ئیتیكییانه ده‌خه‌ینه‌ڕوو.
بنه‌ما ئیتیكیی‌و یاساییه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كانی دادگا‌و تاوان
1. پێویسته رۆژنامه ئه‌و ورده‌كارییانه‌ی رو‌ودا‌و و تاوانه‌كان بڵاونه‌كاته‌وه كه هه‌ستی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی بریندارده‌كات به‌وه‌ی ورده‌كارییه‌كه زه‌بر‌و زه‌نگ‌و توندوتیژییه‌كی زۆری تێدایه، وه‌ك باسكردن‌و پێشاندانی چۆنیه‌تی له‌توپه‌تكردنی قوربانییه‌كه له‌لایه‌ن تاوانباره‌وه، یان ئه‌و ورده‌كارییانه بڵاونه‌كاته‌وه كه سێكسئامێزن‌و خه‌ڵكانی ئاسایی حه‌ز به بیستنیان ناكه‌ن‌و هه‌ندێكجاریش ده‌بنه‌هۆی ورو‌وژاندنی سێكس له‌لایه‌ن هه‌رزه‌كاران‌و بگره كه‌سانی دیكه‌شه‌وه، وه‌ك باسكردنی ورده‌كاریی چۆنیه‌تی لاقه‌كردنی ئافره‌تێك له چۆڵه‌وانییدا، یان چۆنیه‌تی سێكسكردنی كڕیاره‌كان له‌گه‌ڵ له‌شفرۆشه‌كاندا.
2. په‌یامی رۆژنامه له بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی تاوان‌و دادگا وایه كه به‌جۆرێك هه‌واڵه‌كان بڵاوبكاته‌وه كه خه‌ڵكی له‌و جۆره ره‌فتاره تاوانبارییه دووربكه‌ونه‌وه‌و هه‌وڵبدات قێزه‌ونیبكات. نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه كاره‌كه له‌لای خه‌ڵكی ئاسایی بكاته‌وه یا خۆشه‌ویستیبكات، چونكه دواجار تاوان زیانی بۆ هه‌موو لایه‌ك هه‌یه له تاوانبار‌و تاوانلێكراو‌و كۆمه‌ڵگا، له‌كاتێكدا ئه‌ركی رۆژنامه‌گه‌ریی پاراستن‌و هێنانه‌دی به‌رژه‌وه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه.
3. رۆژنامه پێویسته رووبه‌رێكی زۆر ته‌رخاننه‌كات بۆ هه‌واڵه‌كانی تاوان‌و دادگاكان مادام رۆژنامه‌یه‌كی گشتییه یان كۆمه‌ڵایه‌تی یان سیاسییه، بگره پێویسته زیاتر گرنگیبدات به هه‌واڵه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و سیاسیی‌و هونه‌ریی‌و هتد.
4. له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی تاوان‌و دادگاكان‌دا پێویسته رۆژنامه‌و راگه‌یاندنه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی ده‌كرێت خۆیان له ناوهێنانی لایه‌نه‌كان دووربخه‌نه‌وه به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر بێت‌و كێشه‌كه یان تاوانه‌كه هێشتا له قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌دابێت، بگره باشتر‌وایه ناوی خوازراو یان پیتی یه‌كه‌می ناوه‌كان به‌كاربهێنن نه‌كا ئاشكراكردنی ناوه‌كان كاریگه‌رییه‌كی خراپ بكاته‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی تاوانه‌كه كاریگه‌رییه‌ك كه یاسا مه‌به‌ستی نییه رووبدات.
5. پێویسته له‌كاتی خستنه‌ڕ‌ووی هه‌واڵی تاوان‌و دادگاكان‌دا به زمانێكی جوان‌و رێك‌وپێك رووداوه‌كه باسبكرێت‌و هه‌ندێك وشه‌و زاراوه هه‌یه به‌كارنه‌هێندرێت، ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌و وشه‌و زاراوه ناكۆمه‌ڵایه‌تیی‌و ناخێزانی بن یان بازاڕییبن، بگره هه‌ندێجار وا پێویستده‌كات ناراسته‌وخۆ باس له رووداوه‌كه بكرێت بۆئه‌وه‌ی باسكردنه‌كه ئازاریی هه‌ست‌و ده‌روونی وه‌رگر نه‌دات. بۆنمو‌ونه كاتێك ئافره‌تێك چووكی پیاوێك ده‌بڕێت پێویسته وشه‌یه‌كی شیاو كه جێگای به‌های هه‌واڵه‌كه بێت به‌كاربهێنرێت، نه‌ك وشه‌یه‌كی ورووژێنه‌ر یان ناخێزانی. (* بۆ قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتر له‌م هه‌واڵه‌و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی رۆژنامه‌ی ئه‌مه‌ریكی له گه‌ڵیدا بڕوانه جون ماكسویل هاملتون‌و جورج ا. كریمكن، چاعه الخبر فی كوالیس الصحف الامریكیه، ترجمه: احمد محمود، دارالشوق، الگبعه الاولی، مصر2000 ،ص114-113) ئه‌م بنه‌مایه‌ش ته‌نانه‌ت له ئیتیكی رۆژنامه‌وانی ئه‌مه‌ریكاش كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت.
6. پێویسته رۆژنامه‌نووس له‌كاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی دادگا‌و تاوانه‌كاندا رێز له ژیانی تایبه‌تیی كه‌سه‌كان بگرێت‌و دووربكه‌وێته‌وه له باسكردنی، چونكه باسكردنی ژیانی تایبه‌تیی كه‌سه‌كان هیچ گرنگییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی نییه ئه‌گه‌رچی هه‌ندێكجار به‌لای خه‌ڵكیشه‌وه سه‌رنجڕاكێشبێت، بۆنمو‌ونه چ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی گشتیی له‌وه‌دایه رۆژنامه‌نووس هه‌واڵی ژنته‌لاقدانی لێپرسراوێكی حكومی یان حیزبی بڵاوبكاته‌وه ئه‌گه‌رچی ره‌نگبێ خه‌ڵكانێك هه‌بن حه‌ز به گوێبیستی ئه‌م جۆره هه‌واڵانه بكه‌ن، چونكه رۆژنامه نابێت هه‌مووكات به حه‌زی خه‌ڵكی هه‌واڵ بڵاوبكاته‌وه ئه‌وه‌نده‌ی ده‌بێ ئاگاداری په‌یامه باڵاكه‌ی بێت كه چاوی گه‌له‌و به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی ده‌گه‌ڕێت.
7. له بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی دادگاییكردنه‌كاندا پێویسته رۆژنامه‌نووس بێلایه‌ن بێت‌و هه‌واڵه‌كه له‌دیوی یه‌ك لایه‌نی داوا یاساییه‌كه باسنه‌كات، به‌ڵكو راستییه‌كان وه‌كو خۆی چۆن ده‌بێ به‌و شێوازه بگه‌یه‌نێته خه‌ڵكی كاتێك هه‌موو خه‌ڵكی ناتوانن له هۆڵه بچووكه‌كانی دادگاییه ئاشكراكاندا ئاماده بن.