په‌نجه‌مۆر
یه‌كێك له‌و كێشه گه‌ورانه‌ی هاووڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه‌ی پێوه گیرۆده‌ن، یه‌كسان نه‌بوونی هاووڵاتیانه به‌رامبه‌ر یاسا، به‌شێكی زۆری ناڕه‌زایی هاووڵاتیانیش نه‌بوونی نا یه‌كسانییه و بگره وایلێهاتووه به ته‌واوی خه‌ڵك هه‌ست ده‌كات، كه له‌م وڵاته‌دا هاووڵاتی له ڕووی پێگه‌ی یاساییه‌وه دابه‌شبوون به سه‌ر دوو پله‌دا، هاووڵاتی پله یه‌ك و هاووڵاتی پله دوو، ره‌نگه هه‌موو هاووڵاتییه‌ك هه‌ست به‌م نابه‌رامبه‌رییه نه‌كات، به‌ڵام ئێمه‌ی ڕۆژنامه‌نووسان ڕۆژانه هه‌ستی پێده‌كه‌ین.
هه‌ر له‌یه‌كه‌م ساتی چوونه بنكه‌ی پۆلیس و دادگاكانه‌وه هاووڵاتیان هه‌ست به‌م نایه‌كسانییه ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌یان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه مامه‌ڵه‌كردنی پیاوانی یاسا، له لێكۆڵه‌ری یاساییه‌وه تا ده‌گات به دادوه‌ر، له‌گه‌ڵ به‌رپرسێكی سیاسی و حكومیدا، به به‌راورد به هاووڵاتییه‌كی ئاسایی، جیاوازیی نێوان ئاسمان و ڕێسمانی هه‌یه.
ئێمه‌ی ڕۆژنامه‌نووسان به ته‌واوی هه‌ست به‌م نایه‌كسانییه ده‌كه‌ین، راسته برا پۆلیسه‌كان و بگره دادوه‌ره‌كانیش ئه‌گه‌ر كێشه‌مان له‌گه‌ڵ بهرپرسیًكی بچوكدا هه‌بێت، به پێی یاسا مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، به‌ڵام كاتێك كه كێشه‌یه‌كی یاساییمان له‌گه‌ڵ به‌رپرسێكی سیاسی یان حكومی گه‌وره‌دا ده‌بێت، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه دادگا سازش ده‌كات له مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ بهرپرسهكهداو زۆر جار ئه‌و حوكمه‌ی ده‌ریشی ده‌كات.
ساڵی پار به‌نده (ئه‌م رۆژنامه‌نووسه‌ی كه ئه‌م وتاره ده‌نوسێت) به هۆی پیشه‌كه‌مه‌وه (كه سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌م) زیاتر له بیست داوای یاساییم له‌سه‌ربوو، هه‌فته نه‌بوو نه‌چمه بنكه‌یه‌كی پۆلیس و نه‌چمه به‌رده‌م دادگا، له‌هه‌مووشیان ناخۆشتر مانگ نه‌بوو من زیاتر له جارێك نه‌چم بۆ په‌نجه‌مۆر، وه‌ك هه‌موو تۆمه‌تبارێك (پیاو كوژ، دز، بازرگانی تلیاك…هتد) هه‌ر ده په‌نجه‌كه‌م مۆردهكراو بگره بۆ چه‌ند ڕۆژێكیش ئاسه‌واری ڕه‌شی مۆره‌كه هه‌ر به ده‌ستمه‌وه ده‌مایه‌وه، چ ئێمه و چ هاووڵاتیان هه‌روه‌ك تۆمه‌تبار ناچێته به‌رده‌م دادگاكان، هه‌ندێكجار وه‌ك سكاڵاكاریش ده‌چینه به‌رده‌م دادگاكان، ئاشكرایه ئێمه‌ی ڕۆژنامه‌نووسانیش سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر كێ تۆمار ده‌كه‌ین، به كوردی و به كورتی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی تۆمار ده‌كه‌ین كه له‌به‌ر پیشه‌كه‌مان (كه ڕۆژنامه‌نووسییه) ده‌ستدرێژی ده‌كه‌نه سه‌رمان، ئه‌وانه‌ش به‌رپرسی حیزبی یان پێشمه‌رگه و پیاوانی ئاسایش و پۆلیسن .
ئێمه زۆر به ڕاشكاوانه ڕووبه‌ڕووی دادوه‌ره‌كانی دادگاكانی كوردستان ده‌وه‌ستینه‌وه و ده‌پرسین تو ویژدانتان و تو ئه‌و سوێنده پیشه‌ییه‌ی كه له كاتی وه‌رگرتنی پیشه‌كه‌دا خوێندوتانه و به‌ڵێنتان له‌سه‌ری داوه، مامه‌ڵه‌ی ڕۆژنامه‌نووسێك و به‌رپرسێكی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبه باڵا ده‌سته‌كان یان وه‌زیرێك وه‌ك یه‌ك ده‌كه‌ن، ئایا له‌و ساته‌دا كه به‌رپرسه‌كه دێته به‌رده‌م مێزهكهتان هه‌ڵناستن له‌به‌ری و فه‌رمووی دانیشتنی لێناكه‌ن ؟ ئایا چای بۆ بانگ ناكه‌ن و وه‌ك میوانێكی عه‌یاره بیست وچوار مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ناكه‌ن؟ ئایا له‌و ساته‌دا بیرتان ده‌مێنێت كه ئه‌و كه‌سه‌ی هاتۆته به‌رده‌ستتان ئه‌گه‌ر هه‌ر پۆستێكی هه‌بێت، ته‌نها وه‌ك تۆمه‌تبارێك هاتۆته به‌رده‌م دادگاكه‌ی ئێوه؟ تو ویژدانتان ئه‌و هه‌موو په‌نجه مۆره‌ی به ڕۆژنامه‌نوسێكی ده‌كه‌ن، ده‌توانن ته‌نها یه‌كجار په‌نجه مۆرێك به ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی بكه‌ن ؟
ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت بناغه‌یه‌كی ته‌ندروست بۆ سه‌روه‌ری یاسا و یه‌كسانبوونی هاوڵاتیان به وه‌زیر و گزیره‌وه له‌م كوردستانه‌دا دابنێن، كۆتایی به‌م مامه‌ڵه نا یه‌كسانه بهێنن كه له دادگاكان‌دا به‌رامبه‌ر هاووڵاتیانی پله یه‌ك و پله دوو ده‌كرێت، ئێمه‌ی ڕۆژنامه‌نووس هه‌رده‌چین بۆ په‌نجه‌مۆر، به‌ڵام دڵنیاین، ئه‌گه‌ر ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌تان نه‌گۆرن، رۆژێك مه‌ره‌كه‌بی پهنجهمۆرهكه به‌سه‌ر خوتان و ده‌سه‌ڵاته نایهكسانهكهشتاندا قڵپ ده‌كرێته‌وه بۆ هه‌تا هه‌تایه دهمو چاوتان مۆر ده‌كرێت.