مافه‌كانی مرۆڤ و دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ری
د.ته‌ها عومه‌ر ره‌شید
راگه‌یاندنی جاڕنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانه‌وه یه‌كێكه له گرنگترن هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له بواری پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤدا،ئه‌مه و هه‌موو راگه‌یاندن و رێكه‌وتنامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی دواتری ئه‌م بواره،بۆ پابه‌ندكردنی ده‌وڵه‌تانن ،به پاراستنی مافه سه‌ره‌كیه‌كانی مرۆڤه‌وه.ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا باسی ده‌كه‌ین ،سهرنجێكه له ئاستی هه‌ڵسوكه‌وتی دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ری بۆ پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ و به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری.
به شێَوهیهكی گشتی دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ری له دوو لاوه كێشه‌ی چه‌سپاندنی دادوه‌ری بۆ دروستده‌بێت ، یه‌كه‌میان له چه‌سپاندنی ئه‌و یاسایانه‌ی ناكۆكن له‌گه‌ڵا مافه‌كانی مرۆڤدا، دووه‌میشیان له چه‌سپاندنی یاسا به شێوه‌یه‌كی هه‌ڵه، كه نادادپه‌روه‌ی لێبكه‌وێته‌وه.
پابه‌ندی به بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ ،له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت به گشتی ودادگاكان به تایبه‌تی،دوو بۆچوونی سه‌ره‌كی لێكه‌وتۆته‌وه،یه‌كه‌میان وایده‌بینێ ،پێویسته ده‌قێكی ده‌ستوری هه‌بێت تا ئه‌و پابه‌ندیه بكاته ئه‌رك له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت،له‌هه‌مانكاتدا بۆچوونی دووه‌م ئه‌وه‌یه،پابه‌ندی به‌و بنه‌مایانه‌وه و جێبه‌جێكردنیان،پێویستی به ره‌وایی پێدانی ده‌ستوری نیه،چونكه ئه‌و بنه‌مایانه له ریزبه‌ندی یاساییدا ده‌كه‌ونه سه‌رووی ده‌ستوریش،كه بریتین له رێكه‌وتنامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی.بۆیه پێویسته هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت پێیانه‌وه پابه‌ندبن،به پێچه‌وانه‌وه ،هه‌ریه‌كه‌یان به گوێره‌ی ته‌رخانی خۆیان به‌رپرسیارێتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ده‌وڵه‌ت دروستده‌كه‌ن. چونكه بابه‌تی پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به دامه‌زراوه فه‌رمیه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌یه ،نا پابه‌ندی به‌و پاراستنه‌ش به‌رپرسیارێتی یاساییان له سه‌ر درووستده‌كات.
ئه‌گه‌رچی دۆزی دادپه‌روه‌ری زۆر له‌وه فراوانتر و پڕ كێشهتره،دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ریمان به كێشه‌كانی ئێستایه‌وه،بۆ گه‌یاندنی به ئاستێكی باش، دهستیبداتێ،به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت ،به هێندی ئه‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتێكی دادوه‌ریه،هێندێكی گرنگی ئه‌ركه‌كه‌ی له ئه‌ستۆیه،كه ناكرێت فه‌رامۆش بكرێت.
ئه‌وه‌ی له واقعدا ده‌بینرێت،دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ری له هه‌رێمی كوردستان به‌ته‌واوی كه‌وتۆته ژێر باری چه‌سپاندنی یاسا به‌بێ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌كی هه‌بێت له‌سه‌ر نادادپه‌روه‌ری ئه‌و یاسایانه‌ی جێبه‌جێیان ده‌كات،یان هه‌ڵوێستیك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆچی یاسا وه‌ك خۆی جێبه‌جێناكرێت؟.ئه‌مه له دوو لاوه مه‌ترسیداره ،له لایه‌ك دووباره به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ی هه‌مان ئه‌و ستهمكاریهیه، كه په‌رله‌مان یان حكومه‌ت ده‌یكات،له لایه‌كی تریشه‌وه بێده‌نگبوونی دامه‌زراوه‌كه‌یه له ئاست ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی به‌رامبه‌ر مافه‌كانی مرۆڤ ،به هۆی یاساوه ،ده‌كرێن.
ئه‌وه‌ی پێویسته له ویژدانی دادوه‌ردا زیندوو بێت، ئه‌وه‌یه ،كه ئه‌و یاسایانه‌ی رۆژانه ده‌یانسه‌پێنێت ،مه‌رج نیه ئاوێنه‌ی دادپه‌روه‌ری بن .له‌مه‌ش زیاتر پێویسته رۆشنبیریی مافی مرۆڤ و دادپه‌روه‌ی دادوه‌ر له‌و ئاسته‌دا بێت ،بتوانێت یاسای دادپه‌روه‌ر و یاسای سته‌مكار له یه‌كتر جیا بكاته‌وه . ئه‌م رۆشنبیریهش ئه‌وه‌نده‌ی به گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رچاوه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ و تێگه‌یشتن له سه‌ره‌تاكانی فه‌لسه‌فه‌ی یاسا و سیاسه‌ت و دادپه‌روه‌ی په‌یداده‌بێت، ئه‌وه‌نده به ئه‌زموونی كاركردنی دادوه‌ره‌وه په‌یوه‌ست نییه.ئه‌گه‌ر واتای ساده‌ی ئه‌م بۆچوونه ده‌رخستنی ئه‌رك و خولیای خودی دادوه‌ر بێت به‌رامبه‌ر دادپه‌روه‌ری ،به‌ڵام ئه‌ركی سه‌ره‌كی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ،وه‌ك داموده‌زگایه‌كی فه‌رمی ،كه ئه‌ركی به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری له ئه‌ستۆیه.
ده‌بێت ئه‌وه بڵێین كه نابێت دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ری به نائاگایی بكه‌وێته ژێر باری چه‌سپاندنی یاسای سته‌مكار ،به‌شێكی خۆ به‌دوورگرتنیش له‌مه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندیه‌كی چه‌ند لایه‌نه له نێوان ده‌سه‌ڵاته گشتیه‌كانی هه‌رێم و دامه‌زراوه یاساییه‌كانه‌وه ،به تایبه‌تی زانكۆكان،هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆش به دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیه‌وه.
ئه‌وه‌ی بۆ دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ری له هه‌رێمدا پێویسته،سه‌ره‌ڕای كرانه‌وه به‌رووی میدیا و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیدا، ده‌ستكردنه به پرۆسه‌ی خۆناسین وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی فه‌رمی و خۆرێكخستنه‌وه له‌گه‌ڵا هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و یاساجێبهجێكردن(حكومه‌ت). بابه‌تی خۆرێكخستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ،جگه له یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هه‌رێم هیچ هه‌وڵیكی تری بۆ نه‌دراوه،به تایبه‌تی له ناو خودی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریه‌وه .ئه‌وه‌ی كێشه‌ی سه‌ره‌كیشی بۆ ئه‌مه دروستكردووه بریتیه له‌وه‌ی ،كه تا ئێستاش ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له ژێر كاریگه‌ری بیركردنه‌وه‌ی پابه‌ندیه‌تی به حكومه‌ته‌وه.مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه كه ته‌نها ده‌رچوونی یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری به‌س نیه بۆ سه‌ربه‌خۆبوونی دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ری ،به‌ڵكو پێویستی به بوونی ئیراده‌یه‌كی ناو خودی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ش هه‌یه بۆ جێبه‌جێبوونی یاساكه.ئه‌م ئیراده‌یه‌ش ده‌بێت به شێوه‌ی ئیراده‌ی ده‌سته‌جه‌معی دادوه‌ران بێته مه‌یدانی ململانێی دامه‌زراوه‌یی ،نه‌ك به هه‌وڵی تاكه‌كه‌سان و په‌رت په‌رت.به‌و واتایه‌ی پێویستی به كارێكی دامه‌زراوه‌یی هه‌یه نه‌ك به‌ته‌نها ره‌خنه‌كاری . ئه‌مه‌ش له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و راستیه‌ی ،سه‌ربه‌خۆیی دادوه‌ری ،یه‌كێك له مه‌رجه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی دادپه‌روه‌ریه له چه‌سپاندنی یاسادا.
ئه‌وه‌ی له په‌یوه‌ندی دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ری به هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردنه‌وه به پێویست ده‌زانرێت،ئه‌وه‌یه ئه‌م په‌یوه‌ندیه له باری هه‌ژموونیان به سه‌ر دادوه‌ریه‌وه بكرێته رێكخستنی په‌یوه‌ندی ،كه خۆی له دیاریكردنی سنوری هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌دا ده‌بینێته‌وه به ئه‌رك و ماف و ته‌رخانیان، به له‌به‌رچاوگرتنی سروشتی هه‌ركامیان. پێویسته به‌رخوردی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌گه‌ڵ هه‌ردوو دامه‌زراوه‌كه‌ی تردا،بریتیبێت له بابه‌تی دادپه‌روه‌ری و سه‌روه‌ری یاسا،پێویسته دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ری بهرگربێت له هه‌ژمونی هه‌ردوو دامه‌زراوه‌كه‌ی تر بۆ ناو كایه و میكانیزمی دادگه‌ری،لۆجیكی ئه‌م بۆچوونه له‌وه‌دایه ،به‌رخوردی داپه‌روه‌ری هه‌میشه ره‌واتره له هه‌ژموونی ده‌ستێخستن له كاروباری دادگه‌ری.