دادگا ماف ده‌پارێزێت یان پێشێلی ده‌كات
چاودێرێكی مافی مرۆڤ
یه‌كێك له‌و پێوه‌رانه كه‌له‌دنیای ئه‌مڕۆدا دادگای سه‌ربه‌خۆ و دادپه‌روه‌ری پێده‌پێورێت، خێرایی و زوو یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌یسانه‌یه كه‌ده‌چنه دادگا به‌تایبه‌تی كه‌یسی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌به‌تۆمه‌تێك ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێن، چونكه ته‌نها ئه‌وه‌نده به‌س نییه (كه نابێت هیچ مرۆڤێك كۆت و به‌ند و ده‌سته‌به‌سه‌ر بكرێت , ته‌نها به‌یاسا و به بڕیاری دادگا نه‌بێت) به‌ڵكو كاتێك كه‌سێكیش به‌تۆمه‌تێك به‌بڕیاری دادگا ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێت، پێویسته به‌خێرایی كێشه‌كه‌ی یه‌كلایی بكرێته‌وه، كه‌ئه‌وه زۆر گرنگ نییه به‌پێی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی به‌ده‌ست هاتوون ئیدانه بكرێت و سزا بدرێت، یاخود ئازاد بكرێت، به‌ڵكو ئه‌وه گرنگه كه‌ناكرێت ئه‌و كه‌سه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر به‌ده‌ستبه‌سه‌ری بمێنێته‌وه یان كێشه‌كه‌ی به‌هه‌ڵپه‌سێدراوی بمێنێته‌وه و دادگاش هیچ باكی نه‌بێت به‌میزاجی خۆی سه‌یری كه‌یسه‌كان بكات و یه‌كلاییان بكاته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه ئه‌بێت دادوه‌ران له‌هه‌موو كه‌س زیاتر به‌ته‌نگ پرسی مافی مرۆڤ و چه‌سپاندنی دادوه‌رییه‌وه بن و ئازار بكێشن كه‌له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان كه‌سێك ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت، به‌رده‌وام ئه‌بێت خه‌مێكی زۆریان هه‌بێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی راستییه‌كان و زوو یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كه‌یسه‌كان، به‌واتایه‌كی تر دادوه‌ران ده‌بێت له‌هه‌موو كه‌س زیاتر هه‌ست به به‌رپرسیارێتی و چه‌سپاندنی یاسا و دادپه‌روه‌ری بكه‌ن و له هه‌موو كه‌س زیاتر مرۆڤدۆست بن و له‌هه‌موو كه‌سێك زیاتر به‌خه‌می هاوڵاتی و مرۆڤه‌كانه‌وه‌بن.
له‌هه‌رێمی كوردستان پاش ئه‌وه‌ی به‌یاسای ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ، دادگا له‌ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن جیا كرایه‌وه، پێشبینی ده‌كرا دادگاكانیش لای ئێمه ببنه‌ده‌سه‌ڵاتێكی به‌هێز و كاریگه‌ر و شوێنی متمانه‌و پشتی هاوڵاتیان بن و دادوه‌رانیش ته‌نها وه‌ك وه‌زیفه‌یه‌ك و ئیمتیازێك سه‌یری پۆسته‌كانیان نه‌كه‌ن، به‌ڵكو وه‌ك ئه‌ركێكی گرنگ و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی گه‌وره سه‌یری بكه‌ن، كه‌ئه‌ویش له‌چه‌سپاندنی حوكمی یاسا‌و دادپه‌روه‌ری و پاراستنی پرانسیبه‌كانی مافی مرۆڤدا خۆی ده‌بینێته‌وه.
لێره‌دا ئێمه به‌ڕه‌هایی ناڵێین كه‌هه‌موو دادوه‌ران هه‌ست به‌و به‌رپرسیارییه‌ته گه‌وره‌یه ناكه‌ن و كێشه‌ی هاوڵاتیان و پرسی مافی مرۆڤ به‌گرنگی وه‌رناگرن، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا له‌هه‌ر شوێنێكی دادگا پێشێلكاری هه‌بێت، ئه‌وا ته‌واوی سستمی دادوه‌ری پێ له‌كه‌دار ده‌بێت، كه‌ئه‌وه‌ی هه‌ندێكجار له‌هه‌ندێك دادگا روو ده‌ده‌ن پێشێلكاری گه‌وره‌ن و ناكرێت به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا بێده‌نگی لێبكرێت، كه‌جێی داخه كاتێك سه‌ردانی بنكه‌ی پۆلیسی گرتن و گواستنه‌وه له‌سلێمانی ده‌كه‌یت، ئه‌وا چه‌ندین كه‌س ده‌بینیت كه‌له‌نێوان دوو بۆ سێ ساڵه ده‌ستبه‌سه‌رن و هێشتا كێشه‌كه‌یان یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه و بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر چاره‌نووسیان نه‌دراوه، كه‌له‌و تۆمه‌تبارانه تێیاندایه خوێندكاره و دوو ساڵی شه‌شه‌می ئاماده‌یی فه‌وتاوه به‌هۆی ده‌سبه‌سه‌ر كردنییه‌وه، كه‌ده‌كرا حاڵه‌ته‌كه‌ی وه‌ك خوێندكاری شه‌شی ئاماده‌یی به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت و خێراتر كێشه‌كه‌ی یه‌كلایی بكرایه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها تۆمه‌تباری وای تێدایه كه‌شه‌ش مانگه له‌سه‌ر ئه‌وه به‌ندكراوه كه سه‌گێكی بردووه و تاكو ئێستا دادگاییكردنی ته‌واو نه‌بووه، كه‌چی له‌هه‌مان كاتدا ئه‌و هه‌موو تاوانه گه‌ورانه و ئه‌و هه‌موو ئیختلاسه زۆرانه‌ی كه‌رۆژانه له‌رۆژنامه‌كاندا بڵاو ده‌كرێته‌وه له‌لایه‌ن تاوانباره گه‌وره‌كانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك جورئه‌تی ئه‌وه‌ش بكات پێیان بڵێت به‌ری چاوتان كلی پێوه‌یه، ئه‌مه‌ش ئه‌و ئاماژانه زیاتر تۆخ ده‌كه‌نه‌وه كه‌دادگا و ده‌زگای داواكاری گشتی و ده‌زگای پۆلیس و ئاسایشی ئێمه ته‌نها به‌سه‌ر هاوڵاتی ساده‌دا باڵاده‌ستیان هه‌یه، ئه‌و نمونانه‌ی سه‌ره‌وه‌ش كه‌ئاماژه‌مان پێكردوون، ته‌نها له‌سامپڵێكی بچوكی ئه‌و 300 كه‌سه وه‌رگیراون، كه‌ئێستا له‌زیندانن كه‌به‌دڵنیایی ئه‌گه‌ر بێت‌و به‌وردی به‌دواچوونیان بۆ بكرێت پێشێلكاری زیاتر به‌دیده‌كرێن.
له‌وانه‌ش مه‌ترسیدار تر ئه‌وه‌یه كه‌دادگایه‌ك به‌پێچه‌واه‌ی یاسا و به‌بێ پابه‌ندبوون به‌پرانسیبه‌كانی دادوه‌ری نزیكه‌ی 150 دۆسیه‌وه بخاته ناو گوێنیه‌وه و به‌دووراوی له‌قه‌ڵه‌می دادگا دابنرێت، كه‌ماوه‌ی دوو مانگ زیاتره له‌لایه‌ن هیچ دادگایه‌ك ئه‌و داوایانه نه‌بینراوه و نزیكه‌ی 37 تۆمه‌تباری ده‌ستبه‌سه‌ری تێدایه و له‌گرتووخانه‌یه و نازانێت كه‌ی دۆسێیه‌كه‌ی له‌گوێنی ده‌رده‌هێنرێت، كه‌تییدایه هه‌موو قۆناغه‌كانی دادگایكردنیشی ته‌واو بووه، ته‌نها ئه‌وه ماوه حوكمی تێدا ده‌ربكرێت، ئه‌م پێشێلكارییانه‌ش به‌ربه‌رچاوی هه‌موو دادوه‌رانی تر و ئه‌ندامانی ده‌زگای داواكاری گشتیی و پارێزه‌رانه‌وه ده‌كرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك له‌م سێ توێژه له‌سه‌ری بێته وه‌ڵام، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن رێكخراوی یه‌كێتی داوه‌رانه‌وه، كه‌رێكخراوێكی تایبه‌ته به‌توێژی دادوه‌ران، كه‌ده‌بوو ئه‌و رێكخراوه پێش هه‌موو لایه‌كی تر زیاتر به‌ته‌نگ پابه‌ندبوونی دادگاكانه‌وه بێت، بۆ چه‌سپاندنی یاسا و دادپه‌روه‌ری نه‌ده‌بوو له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و پێشێلكارییه‌كی وادا بێده‌نگی هه‌ڵبژێرێت.
ئه‌وانه‌ی كه‌له‌گرتووخانه‌كانن مرۆڤن، هاوڵاتی ئه‌م وڵاته‌ن، كه‌س و كاری ئێمه‌ن، كه‌ئه‌گه‌ر دادگا له‌خه‌می مرۆڤه‌كان و هاوڵاتیاندا نه‌بێت ئیتر كوێ ده‌مێنێت له‌خه‌می مرۆڤه‌كان و هاوڵاتیاندا بێت؟.