خولى ڕاهێنان بۆ بنیاتنانی تواناكانی ژنانی میدیاكار لە بواری بەرێوەبردن لە دەزگا میدیاییەکان
لە چوارچێوەی چالاكییەكانی پرۆژەی (بەھێزکردنی تواناکانی ژنانی رۆژنامەنوس: برەودان بە یەکسانی، ھاوبەشیپێکردنی ژنان لە جومگەکانی بەرێوەبردن لە پێناو رەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست لە میدیادا) رۆژانی ٢٥ تا ٢٨ی ئابی ٢٠٢٤ خولێکی ڕاهێنان ئەنجامدرا، خولەکە لە ژێر ناونیشانی (بنیاتنانی تواناكانی ژنانی میدیاكار لە بواری بەرێوەبردن لە دەزگا میدیاییەکان) لە هۆڵی هۆتێل تایتانیک لە شاری سلێمانی بۆ نوێنەری 26 دەزگای میدیایی بەرێوە چوو، بەشداربووان لە لایەن راهێنەران (د.دەروون فەرەیدون، د.عالیە فەرەج، د. کاروان عەلی، د.ئارام توفیق) لەسەر بابەتەکانی (کارگێڕی گشتی و بەڕێوەبردن، دامەزراوە کلتوریەکان و گۆرانی کلتوری، پەیوەندیە گشتیەکان و کاری میدیایی، پاراستن لە ئیستغلال و دەستدرێژی سێکسی -PSEA)، راهێنانیان پێکرا. ئامانج لە ڕاهێنانەکە بەرزکردنەوەی توانای بەڕێوەبردن و پەیوەندییە گشتییەکان لای ژنانی میدیاکار، خستنەرووی ئەو رێكارانەی کە لە ڕێگەیانەوە دەتوانن خۆیان لە وێستگەکانی کار و دەرەوەی وێستگەکاندا بپارێزن و هەروەها بەشداری بكەن لە داڕشتنی ڕێسای ڕەفتاری دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن و سیاسەتەکانی پەوەست بە پاراستن لە ئیستغلال و دەستدرێژی سێکسی.
شیاوی باسە بەشداربووانی راهێنانەکە نوێنەری دەزگا میدیاییەکانی وەک تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و هەواڵنامەی ئەلیکترۆنی و ماڵپەڕ و سۆشیال میدیا بوون، لە کۆتایی خولی راهێنان بروانامەیان پێبەخشرا.
پرۆژەی (بەھێزکردنی تواناکانی ژنانی رۆژنامەنوس: برەودان بە یەکسانی، ھاوبەشیپێکردنی ژنان لە جومگەکانی بەرێوەبردن لە پێناو رەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست لە میدیادا) بە ھاوبەشی هەردوو رێکخراوی (DHRD) و (جاسەنە) و پاڵپشتی دارایی رێکخراوی (UPP)بەرێوەدەچێت.