لەگەڵمان بن بۆ ڕووبەڕوونەوەی تووندووتیژی و کوشتنی ژنان!

 

کاتێک بیر لە کارێک دەکەیتەوە و ھەست بە بەرپرسیارێتی دەکەیت، بۆ من قورسترین کات ئەو کاتەیە کە ھەست دەکەم لە کۆمەڵگەیەکدام کارەکەم کەمترین پشتیوانی لێدەکرێت؛ کارەکەیشم«ڕووبەڕووبوونەوەی تووندووتیژی و کوشتنی ژنانە»، چەند قورسە باس لە ئەزموونێک بکەیت، لە ھەڵبژاردنێک کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی ھەبێت لەگەڵ کوشتن-دا!

لێرەوە دەمەوێت بچمە ناو ئەو ژیانە قورسەی کە بێئەنداز ھەست بە بەرپرسیاریەتییەکەی بکەیت و، کاتێکیش دەبینیت کە ھیچ جۆرە پشتیوانییەک نابینیتەوە لە کۆمەڵگـەدا بە گشتی.

کاتێک ئێمە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ھەواڵەکانی ‘کوشتن و سوتاندن و فڕێدان و ئەتککردنی ژنان و..’ دەبینین و دەبیستین و دەخوێنینەوە، بەر نەفرەتی کۆمەڵگەیەکی بێدەربەست دەبینەوە، نەفرت و غەزەبێکی ناحەقانە و دڵڕقی بێویژدانانە.

ئەم کۆمەڵگەیە، لای ئاساییە ژن بکوژرێت بەڵام لای ئاسایی نییە کچێک خۆشەویستی بکات، لای ئاساییە خۆی بخنکێنێت بەڵام لای ئاسایی نییە بە خواستی خۆی ھاوژین ھەڵبژێرێت، ھاوسەرێک لای ئاساییە لە ژێر فشاری نەبوونیدا شەق لە ھاوسەرەکەی ھەڵبدات بەڵام لای ئاسایی نییە بچێتە دەرەوەی ماڵ و کارێک بکات و سەرشانی ئەویش سوک بکات، برایەک لای ئاساییە خوشکەکەی بخاتە ئاوی دوکان و بیخنکێنێت بەڵام لای نەنگییە خۆشکەکەی شوو بە کوڕێک بکات لە عەشیرەتێک تر بێت، کە ئەم بە دڵی نییە، دایکێک لای ئاساییە کچەکەی لەلایەن ھاوسەرەکەیەوە نێوچاوانی شین کراوە؛ بچێتەوە بۆ لای ھاوسەرەکەی بەڵام بۆی قەبووڵ ناکرێت دراوسێکەی یان ئەم و ئەو بڵێن’ کچەکەت بۆ جیابوەتەوە.’
کۆمەڵگە لای ئاساییە ئێمەی چالاکوانان لە ڕێکخراوەکان، ھێرش و سووکایەتیمان پێبکرێت کاتێک کار لەسەر ئەو نموونانەی سەرەوە دەکەین، ئاساییە لە ناو دادگاکاندا بە جنێوی سووک کەرامەتمان بشکێنرێت، لایان ئاساییە بە کچان و ژنانی ناو ڕێکخراوەکان بوترێت ‘بەد ڕەوشت!’

دروستکردنی تۆمەت و قسەی سوکی سۆشیاڵ میدیا، لە ئاسانترین و ئاساییترین کارە لەم کۆمەڵگەیەدا. ھەر لە فەرمانبەرەوە تاکو دەگاتە مامۆستا و دکتۆر و ئەندازیار و فەرمانبەر بەدڵی خۆیان سووکایەتی بە کاری ڕێکخراوەکان دەکەن، کەس ھیچ ناڵێت لەبەر ئەوەی بەردەوامی سوککردنی کاری ڕێکخراوەکان تەنیا بۆ ئەوەیە دەست نەبرێت بۆ ئەو تاوانانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێکردووە، کە ئێمە لەم میحنەتی بێ ئەقڵییە دەربھێنێت، ئێمە لە ژیانێکـی پڕ لە خوێنڕشتن و بوغز و ڕق دەربازبکات.

لە لایەکی دیکەوە، کێ داوای سزای تاوانبارانی کوشتنی ژنان دەکات؟ کەس دێتە دەنگ؟ ئەو واقیعە تاڵە وەک ئێمە دەیبینین تەنیا داڵدەانی بکوژانی ژنانە. ئەوانەی لە کاتی ڕووداوەکانی کوشتن و تووندووتیژییدا دەنگ ھەڵدەبڕن و زۆر زوو کپ دەبنەوە، ژنان و کچان دێن و ھەڵدێن بێ پشت و پەنان و دێنە لای ئێمە، کوا دەنگی ھاوڵاتیان بەرامبەر بە دامودەزگاکان و دەسەڵاتداران کە قبوڵی ئەو ھەموو خوین ڕشتنە دەکرێت و دەیانەوێت ئەم تاوانە قێزەونانە ئاسایی بێتەوە، ‘ئەنفالی ژنان’ ڕازیبوونی کۆمەڵگەی لەسەر نەبێت ھەرگیز وەکک ئەمڕۆ بەردەوامی نابێت؛ نە ‘زەھرا’ بکوژی دیارە، نە بکوژی ‘سەروین’، نە بکوژی ‘دۆسکی’، ھەتا بە بکوژانی ‘نەقیب محەمەد’ دەگات، کە خۆی بەرگریکاری دۆسیەکانی ژنان بوو… ئەرێ ئەوە کەسی تر دەپرسێت کوان؟ چۆن؟ پەنا دران؟
ئەم بۆشایە گەورەیەی ویژان تەنیا بە فشاری ھاووڵاتییان دەتوانرێت پڕبکرێتەوە..

ئەرکی ئێمە لە ناو ئەم ‘لافاوی خوێن’ە دەرھێنانەوەی ئەو دۆسیانەیە کە خۆینیان لێدەچۆڕیت؛ ئەوەی پێوسیتە بکرێت وەستانی لافاوەکەیە. ئەمەش تەنیا بە خۆ بەرپرسکردن لەم تاوانانەیە نەک بێدەنگبوون لێیان.

ئەوە بێدەنگییە وای کردووە، کە تاوانەکان ساڵ بەساڵ لە ھەڵکشاندابن، ئەوە بێدەنگییە کە ئەو تاوانانەی ئاسایی کردووەتەوە و، ڕۆژانە داھێنان لە سووکاتیی و کوشتنی ژناندا دەکرێت و بە ئاسانیی و ئاسایی تێدەپەڕن!
«بێدەنگییش نیشانەی قەبووڵ کردنیی کۆمەڵگەیە، لەمەڕ ڕەوشی ژن لەم کۆمەڵگەیەدا».

نووسینی . بەھار مونزیر