دەرھاویشتەکانی ڕووداوی شەھید کردنی نەقیب محمد
ڕێکخراوەکەمان لەبەرواری ٥-١٢-٢٠٢١ بەشداریکرد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کە بەھاوبەشی لەنێوان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان سازکرا لەناو بینای بەریوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سلیمانی تایبەت بە ڕووداوی شەھیدکردنی نەقیب (محمد لەتیف) و برینداربوونی چەند پۆلیسێکی ھاوکاری لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک، لە چالاکیەکەدا بەڕێوەبەری ڕێکخراو (کارزان عبدالفاضل) و ئەندامی دەستەی کارگێری(تەلار کمال) بەشداربوون.
لە درێژەی کۆنگرەکەدا بەھار مونزیر و ھانا شوان بە نوێنەرایەتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مدەنی ئاماژەیان بەوەدا ئێمە وەکو رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی پشتیوانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەین و بە توندی دژی ئەو پێشێلکارییە بوەستینەوە کە بەرانبەریان کراوە”.
بۆ پشتیوانی لە بەڕیوەبەرایەتییەکە و وەستانەوە دژی ئەو رووداوەی روویداوە یاداشتێک خرایە ڕوو کە ئەمەش دەقی یاداشتەکە یە :
کاری بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لەماوەی رابردوودا وەک ھەریەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکە کێشە و گرفتی دارایی و سەرچاوەی مرۆیی ھاتووەتە پێش، لەکاتێکدا کارمەندانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە کار لەسەر دۆسێی زۆر سەخت و ھەستیار دەکەن، رۆژانە رووبەڕووی گرفتی پاراستن و سەلامەتیی دەبنەوە.
لە ساڵی پاردا ھەمان کێشە رووبەڕووی بەڕێوبەرایەتییەکە لە شاری سلێمانی بوویەوە، ھەر ئەوکات ئێمە لە رێکخراوەکان داوای پاراستن و سەلامەتیمان کرد، بەڵام بەداخەوە داواکاریی رێکخراوەکان زۆر جار کاری پێ ناکرێت و بە ھەند وەرناگیرێت، دوێنێ شەو لە رووداوێکی بەرجەستەی ئەم کەمتەرخەمییەدا کە دەمێکبوو لێی دەترساین دووبارە بووەوە.
دوێنێ شەو بەرواری ٤-١٢-٢٠٢١ لەکاتی بەھاناوەچوونی ژنێکی ھەرەشەلێکراو، تیمێکی پۆلیس، کە بریتیبوون لە ئەفسەرێنی نەقیب و سێ پۆلیس، کە سەر بە بەڕیوەبەرایەتی ناوبراو بوون، لەکاتی بەھاناوەچوونەکەدا، بەر دەسترێژی گوللـە کەوتن و لەلایەن تۆمەتبارەوە ھێرشیان کرایە سەر و ھەر لەوێکدا نەقیب محەمەد گیانی لەدەستدا و تۆمەتبارەکانیش ھەڵھاتن.
لێرەدا ئێمە وەکو رێکخراوەکان چەند داواکارییەک دەخەینەڕوو:
یەکەم/ دانانی پلانێکی سەلامەتیی تۆکمە، بۆ بەڕیوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان، کە ئەمە لە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆ و لایەنی پەیوەندیداردایە.
دووەم/ دەبێت ئەو بەڕێوەبەرایەتیانە پشتگیری تایبەتیان بکرێت، جوونکە ئەوان کارێکی ھەستیار و سەختیان لە ئەستۆدایە.
سێیەم/ دانانی بودجەی تایبەت و کارئاسانی کردن بۆیان و دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەم دامەزراوانە، کە لە رابردوودا چەندین ئاستەنگیان لەبەردەمدا بووە و رێکخراوەکان لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو ئاستەنگانە بوون و لایەنی پەیوەندیداریان ئاگادارکردووەتەوە بەڵام گوێی پێنەدراوە.
چوارەم/ لەماوەی رابردوودا بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، ھاوکاری رێکخراوەکان بوون بەتایبەت لە کاری پاراستنی ژنانی ھەرەشەلێکراو.
پێنجەم/ رێکخراوەکان لە نزیکەوە ئاگاداری کاری سەختی بەڕێوەبەرایەتییەکانن، بۆیە داوکارین لە حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی پەیوەندیدار، پلانی پاراستنیان بکاتە ئەولەویەتی کارکردن و نەھێڵن رووداوی لەم جەشنە دووبارە ببێتەوە.
شەشەم/ پاراستنی گیانی کارمەندانی رێکخراوەکان و ھەموو ئەو لایەن و دامەزراوانەی کە کاری پاراستنی ژنان دەکەن.
حەوتەم/ لێرەوە داواکارین بۆ ھەر دەرچوونی دۆسێیەکی پاراستن، پیویستە ئاسایشی شارەکان ھەمانەگ بن لەگەڵ کارمەندانی ئەو بەڕیوەبەرایەتییە، ھەروەھا داواکارین بەزووترین کات تۆمەتبارانی ئەم دۆسێیە و دۆسێکانی ھاوشیوە سزا بدرێن و رێگە نەدرێن لە یاسا دەربازیان ببێت.