نۆزدەھەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی DHRD

لە نۆزدەھەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەمان پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و باڵا دەستکردنی یاسا و بوونیادنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست بەئەرکی خۆمان دەزانین و بەردەوامین و بەربەستەکان نائومێدمان ناکات.

ڕێکخراوی DHRD لەسەرەتای دروست بوونیەوە لەبەرواری (٢٠٠٢/١٠/٦) تاکو ئێستا ئەو بەرپرسیاریەتەی خستۆتە سەرشانی خۆی کە ڕێزگرتن لەماف و کەرامەتی مرۆڤ لە پێشینەی کارەکانی بێت و لەو پێناوەشدا چەندین ھەنگاوی جدی ناوە لەگەڵ ئەوەی ئاشکرایە ڕێگەی کارکردنمان گوڵڕێژ نەکراوە و ئاستەنگی زۆر دێتە بەردەمی و لابردنی بەربەستەکان کارێکی سەختە لەناو ئەم جۆرە لەدەسەڵات کە بەشێکی باوەڕی بە بەکارھێنانی ئەشکەنجەو توندوتیژی ھەیە کە گرفت بۆ کارەکانمان دروست دەکەن ، کە لە لایەکەوە یاساکان سەروەرنین و لەلایەکی دیکەوە چەندین دەزگا و لایەن و کەسان ھەن لەسەروو ھەموو یاسایەکەوەن کە پێشێلکاریەکانیان ھەژمار ناکرێن ، ئەمە جگە لەبوونی تێگەشتنی نادروست بۆ مافی مرۆڤ و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ. سەرەڕای ھەموو ئەو بەربەستانە DHRD بەردەوام لە ھەوڵی سەروەربوونی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پاراستنی مافەکانی مرۆڤدا بووە.
ھەربۆیە لەم یادەدا پیرۆزبایی لەخۆمان و دەستەی دامەزرێنەرانی ڕێکخراو و ھەموو ئەو کارمەند و کەس و لایەنانە دەکەین کەبەشێک بوون لە مانەوە و بەھێزبوون و بەرەو پێشچوونی ڕێکخراوەکەمان و دووپاتی دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لەسەر کارکردن و ھەوڵدانی زیاتر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان.
سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ (DHRD)
٢٠٢١/١٠/٦