کۆتایی ھێنان بە خولێکی ڕاھێنان لەسەر پەرەپێدانی لێکۆلینەوەی تاوانکاری

بە ئامادەبوونی ھەردوو بەڕێوبەری ڕێکخراوەکانی ھارتلاند ئەلاینسی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی (DHRD)، لە ڕێکەوتی ٩-٨-٢٠٢١ کۆتای ھات بە ئەنجامدانی خولێکی ٩ ڕۆژی بۆ ماوەی سێ ھەفتە کە لە ڕێکەوتی ٢٥-٧-٢٠٢١ دەستی پێکرد،کە تێیدا (٢٨) ئەفسەری لێکۆڵینەوە لە پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەڵەبجە تێیدا بەشداربوون، خولەکە بەسەرپەرشتی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی مەشق و شیاندن بەڕێوەچوو بە پاڵپشتی ڕێکخراوی ھارتلاند ئەلایەنسی نێودەوڵەتی بە ھاوبەشی ڕێکخراوی (DHRD) لە چوارچێوەی پڕۆژەی پاراستنی ماف:بەھێزکردنی چاودێری و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان.
ئامانجی خولەکە پەرەپێدانی زیاتری توانای پیشەیی و یاسایی ئەفسەرانی لێکۆڵەری بنکەکانی پۆلیسە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە بە مەبەستی ڕێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتیەکان و لە نێویشیاندا ڕێکەوتننامەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی دڵڕەقانە و نامرۆڤانە کە عێراق لەساڵی ٢٠١١ ەوە پابەندی خۆی بەو ڕێکەوتننامەیەوە دەربڕیوە.
وانەکان لەلایەن ژمارەیەک (مامۆستای زانکۆ و ئەفسەری شارەزا لە بەڵگەی تاوانی سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توند و تیژی خێزانی و لێکۆڵەری دادوەری )پێشکەش کران بەشێوەی پراکتیکی و تیۆری، بەڕەچاوکردنی نوێترین پێشکەوتنەکانی بواری لێکۆڵینەوەی تاوانکاری و کۆکردنەوەی بەڵگەکان، شایەنی باسە خولەکە بووە جێگەی ڕەزامەندی بەشداربووان و ھیوایان خواست ئەم جۆرە خولانە بەردەوامیان ھەبێت لەپێناو زیاتر بەرەوپێش بردنی (لێکۆلینەوەی تاوانکاری) بەجۆرێک لە ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەدا پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی تۆمەتبار لە پێشچاوبگیرێت.