ره‌وشی مافی مرۆڤ له هه‌رێمی کوردستان ته‌نها حیبره له‌سه‌ر کاغه‌زه
چهترپرێس ـ دانێر قه‌ره‌داغی
له کۆی (30) ماده‌ی جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤی جیهانی، له عێراقدا ته‌نها (22) ماده‌ی جێبه‌جێده‌کرێت، ئه‌ویش له ئاستێکی زۆرنزمدا، پارێزه‌رێکیش ئاماژه به‌وه‌ده‌کات کۆی کایه‌کانی مرۆڤ له ره‌وشێکی خراپدایه به‌تایبه‌ت ره‌وشی ژنان له هه‌رێمی کوردستان.
کارزان فازیل رێکخه‌ری سه‌نته‌ری په‌ره‌پێدانی دیموکراسی (DHRD)، تایبه‌ت به (چهترپرێس)ی راگه‌یاند: ره‌وشی مافی مرۆڤ له هه‌رێمی کوردستان له هه‌موو بواره‌کاندا له ئاستێکی خراپدایه، وتی: ئێمه وه‌ک رێکخراوێکی یاسایی تایبه‌ت به‌مافی مرۆڤ، هیچ به‌ره‌و پێشچونێک نابینین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک وشیاری زیاتر بووه و چاودێری رێکخراوه‌کانی تایبه‌ت به مافی مرۆڤ زیادیانکردوه، به‌ڵام تۆ چاوه‌ڕوانی زیاتر ده‌که‌یت له حکومه‌ت و له‌و دام و ده‌زگایانه‌ی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ ده‌که‌ن، ئه‌و هه‌وڵ و گڕو تینه نابینرێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد به‌ره‌و پێشچونه‌کان ته‌نها حیبره و له‌سه‌ر وه‌ره‌قه نوسراوه و نه‌چۆته ناو تاکه‌کانی کورده‌وه هه‌ر له دام‌و ده‌زگاکانی ئاسایش و له ده‌زگای لێکۆڵینه‌وه، هه‌روه‌ها باسی له ناو دادگانی ههرێمکرد و وتی: له‌ناو دادگاکاندا پاراستنی که‌رامه‌تی مرۆڤ و حسابکردن بۆ که‌سی تۆمه‌تبار و که‌سی سکاڵاکار له ئاستێکی زۆر لاوازادایه.
سه‌باره‌ت به بارودۆخی ژنان وتی: ئه‌و یاسایه‌ی تایبه‌ت به به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی ده‌رچووه پێمباشه، به‌ڵام میکانیزمی جێبه‌جێکردنی باشنیه.
له درێژه‌ی لێدوانه‌که‌یدا بۆ (چهترپرێس) ده‌رباره‌ی بارودۆخی زیندانیان له هه‌رێمی کوردستان، رایگه‌یاند: تائێستاش زه‌بر و زه‌نگ و ئه‌شکه‌نجه دان هه‌یه بۆ تۆمه‌تبار ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌ت زیاتر ده‌کاته‌وه بۆ زیادبونی رودانی هه‌ڵه.